هێزەکانی حکوومەت بۆ لێدانی هاووڵاتییانی ناڕازی، سیاسەتی نوێیان گرتووەتە بەر

10:57 - 2 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت بۆ سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی ناڕازی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، هانا بۆ دەستوپەیوەندییە خۆجێییەکان دەبات و لە ڕێگای ئەوانەوە هاووڵاتییانی ناڕازی سەرکوت دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٣٠ی سەرماوەز، "عەلی یاسین پەرەست"، یەکێک لە دەستوپەیوەندییە خۆجییەکانی حکوومەت لە بۆکان، لە جادەی گوندی "گڵ" هێرشی کردووەتە سەر هاووڵاتییانی ناڕازی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا و ئازار و ئەشکەنجەیان دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "ح . ڕ"، تەمەن ٤٩ ساڵە، خەڵکی بۆکان، لەلایەن "عەلی یاسین ‌پەرەستـ"ـەوە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، ئازار و ئەشکەنجە کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ئەندامە خۆجێییە، هەڕەشەی ئازار و ئەشکەنجەی لەو بنەماڵەیە، بەتایبەت کچەکەی کردووە و پێیانی وتووە کە بێدەنگ بن و ئەو ڕووداوە بڵاو نەکەنەوە".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەنووکە "ح، ڕ" لە ماڵدا چارەسەریی پزیشکیی بۆ دەکرێت و لە ترسی هەڕەشەی "عەلی یاسین ‌پەرەست"، بۆ چارەسەریی پزیشکی نەچووەتە نەخۆشخانە.

"عەلی یاسین ‌پەرەست"، یەکێک لە ئەندامە کۆنەکانی سپای پاسدارانە و هەر لە هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، بووەتە ئەندامی خۆجێیی سپای پاسداران و لە شارەکانی بۆکان و سەقز، لە ئازار و ئەشکەنجەی هاووڵاتییاندا دەستی باڵای هەبووە.