هێزە ئەمنیەتییەکان چالاکێکی فەرهەنگیی کوردیان دەستبەسەر کرد

13:42 - 16 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە ناوچەکانی شاری بۆکان چالاکێکی فەرهەنگیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندواو، لە ناوچەی \'\'پیرمحەممەد\'\'ی شاری بۆکان کەسێکیان بە ناوی \'\'فەرهاد رەزاپوور\'\' دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە، هێزە ئەمنیەتییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوە، دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە و وێڕای قۆڵبەست کردنی ئەو هاووڵاتییە، دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسیی \'\'فەرهاد رەزاپوور\'\'یشدا گرتووە.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەک بڵاو نەبووەتەوە.

فەرهاد رەزاپوور لە کەمپەینە ژینگەپارێزییەکاندا چالاک بووە و لە رێوڕەسمە ژینگەییەکاندا هۆنینەوە و شیعری پێشکەس کردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا (٤٥ رۆژ)، ٤٩ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتی ــ ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

لەنێو دەستبەسەرکراوەکاندا دوو ژن بە ناوەکانی \'\'عیسمەت قودرەتی و منیژە سادقی\'\' لە چالاکانی فەرهەنگیی کورد دەبیندرێت.