هێزە ئەمنیەتییەکان ١٣ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد

22:17 - 12 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە پێنج شاری مەهاباد، بۆکان، شنۆ، سەقز و سەردەشت لانیکەم ١٣ هاووڵاتیی لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران، دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهاباد لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە هێرش کردنەسەر ماڵی هاووڵاتییان، پێنج کەسی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووتەوە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا شوناسی دەستبەسەرکراوەکانی، مستەفا سوڵدۆزی خەڵکی گوندی \"قەرەقشلاق\"، سیروان مستەفایی خەڵکی گوندی\"داشخانە\"، ئەمیر عەبدوڵڵا زادە خەڵکی گوندی \"بێنگوێن\" و ڕەحیم و خوشناو ئیسماعیلی خەڵکی گوندی\"خۆڕخۆرە\" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دەستبەسەر کراوەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفونی بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییانە کە لە نیوەشەوەی ١٠ی پووشپەڕ، لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی لەگەڵ چەکدارانی سپای پاسداران دەستبەسەر کراون، تەمەنیان لە نێوان ٢٥ هەتا ٣٥ سال دایە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو: هێزەکانی حکوومەتی بەبێ موڵەتی یاسایی، خانووی ئەو پێنج هاووڵاتییانیان پشکنیوە و هێندێک لە کەرەسە و وەسایلی شەخسیان لەگەڵ خۆیان بردوە.

هێندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە، کە ئەو پێنج هاووڵاتییە بە تۆمەتی \"لاینگەری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" دەستبەسەر کراون و لە ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕاگیراون کە ئاژانسی کوردپا ناتوانێ ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.

هەروەها لە شاری بۆکانیش هێزە ئیتلاعاتیەکان لاوێکی تەمەن ٣١ ساڵەیان بە ناوی عەلی سوورخی خەڵکی گوندی \"کۆستە\"یان دەستبەسەر کرد.

عەلی سوورخی ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕ لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.

هەروەها هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ لە ڕاپۆڕتێکدا، باسی لە دەستبەسەر کردنی دوو لاوی کورد، لە گوندی قەرەسەقەل کرد کە لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی حکوومەتی ئیسلامی دەستبەسەر کرابوون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی شاری شنۆ بە ناوەکانی یەعقوب و سەدیق بااکرام ڕاگەیەنراوە.

هەروەها لە شاری سەقزیش لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵە بە ناوی ئاوات شەریفی لە سەرەتای حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر دەکرێت.

ئەو هێزانە سەرەڕایی پشکنینی ماڵەی ئەو هاووڵاتییە سەقزیە، هێندێک کەرەسەی شەخسی ئاوات وەک لەب تاب، دەفتەری یادداشت و موبایلیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ناوبراو چەند مانگ پێشدەستبەسەر بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ستادی خەبەری ئیتلاعاتی شاری سەقز زیندانی کرا بوو.

هەروەها لە شاری سەردەشتیش، ٤ هاووڵاتیی لە پەیوەندیی لەگەڵ کوژرانی دوو کۆڵبەر کە برا بوون دەستبەسەر کراون.

ناسیح، ڕەسووڵل و ئەبووبەکر عەلیخانی لەگەڵ عومەر عەبدوڵڵاپوور ناوی ئەو هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراوەی گوندی \"کوێزلە\"شاری سەردەشتن.

ئەو چوار هاووڵاتییە ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات\"ناجا\" دەستبەسەر و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی دەستبەسەر کراوەکان هیچ زانیاریەک لە بەر دەست دا نیە.

پاش تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی پایگای گوندی گوێزلە لە ڕۆژی ٧ی پووشپەڕ و کوژرانی دوو برا بە ناوەکانی ڕەووف تەمەن ٢٢ ساڵە و لەتیف عەلیخانی ٢٦ ساڵە کوڕی ئیسماعیل، شەپوڵێک لە توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەی ئالانی شاری سەردەشتی لێکەوتەوە.

هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی سەبارەت بە دژکردەوەیی نارەزایەتی خەڵکی گوندی گوێزلە، ئاو، کارەبا و تەلەفون ئەو گوندەیان پچڕاند و هێندێک لە مووچە و مەزرای دانیشتوانی خۆجێیان ئاگر تێبەر دا.