هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری شنۆ دوو هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد

21:19 - 28 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو هاووڵاتییان بە ناوکانی \"خەلیل شاهی\" خەڵکی گوندی \"سینگان\" و \"زەکەریا سافکار\" خەڵکی شنۆ دەستبەسەر کرد.

دەگوترێ، بەدواچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە مەڕ دۆخی کوڕەکانیان بێ ئاکام بووە و هەتاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نیە.

هەتاکاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کردنی خەلیل و زەکەریا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو دا، ١٧ هاووڵاتی لە شاری شنۆ و گوندەکانی ئەو شارە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

سەبارەت بە بانگهێشت و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند؛ مەئموورانی ئیتلاعات \"بەبێ \"بەڵگەی یاسایی\" و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا \"هەڵسوکەوتی توندوتیژانە\"یان لە کاتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان بەکار هێناوە و لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بنەماڵەکانیان خۆیان بواردووە.