هێزە ئەمنیەتییەکان دەورووبەری بینای فەرمانداریی شاری بانەیان بە داربەست گرت

22:15 - 15 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان دەورووبەری بینای فەرمانداریی شاری بانەیان بە دار بەست و هاتووچۆی هاووڵاتییانی لە شەقامی فەرمانداریی قەدەغە ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنیەتییەکان، بەربەستیان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییانی لە شەقامی فەرمانداریی دروست کرد.

هەواڵە نێردراوەکان بۆ ئاژانسی کوردپا، باس لە بەشداری بەربڵاوی هێزە ئەمنیەتییەکان لەو شەقامانەی دەکات، کە دەچنەوە شەقامی فەرمانداریی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بەرپرسانی زۆربەی هەواڵدەرییەکان و کاناڵە گرووپییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت و لێپرسێنەوەیان لەگەڵ کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی شاری بانە لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە خێرایی ئینترنت لەو شارە دابەزیوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی رابردوو سێشەممە ١٤ی خەرمانان، فەرمانداری مەریوان بەرپرسی ناوەندە مەدەنییەکانی ئەو شارەی بانگهێشت و پێی ڕاگەیاندوون، کە لە مەسەلەی مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەشداری نەکەن.

فەرمانداری شاری مەریوان پیداگری لە سەر ئەوە کردووتەوە، لە ئەگەری بەشداری نەکردنی ناوەندەکانی مەدەنی، هیچ جۆرە بەربەستێک بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرە و سێمینارە فەرهەنگی و زانستییەکان بۆ ئەوان دروست نەکات.

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانان، هاووڵاتییانی شاری بانە ناڕەزایەتییان لە هەمبەر گیان لە دەستدانی دوو کۆڵبەری کورد، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە داخستی دوکان و بازاڕ لە بەر دەرگای فەرمانداریی ئەو شارە کۆ بوونەوە.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، بە دەستێوەردانی گاردی تایبەتیی لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوو بووە و هێزەکانی گاردی تایبەت بە کەڵکوەرگرتن لە گازی فرمێسکڕیژ هەوڵی بڵاوە کردنی ناڕازییەکانیان دا.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، سی هاووڵاتیی بە ناوەکانی \"جەلال ساوان، کوردۆ حوسێن پوور و ئەحمەد شەفیعی\" لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتنی هاووڵاتییانی شاری بانە و چوونە سەر بینای فەرمانداریی ئەو شارە دەستبەسەر کرد.