‌هێزە ئەمنیەتییەکان دایکی زیندانییەکی سیاسیان ئازار و ئەشکنجە دا

21:02 - 28 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی ئەمنیەتیی لە شاری کامیاران هێرشیان کردە سەر ماڵی دایکی ئەفشین سوهراب زادە و دایکی ناوبراویان بەر لێدان و ئەشکەنجە داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران بە ناردنی چەند مەئمووری لیباس شەخسی بۆ ماڵی دایکی \"ئەفشین سوهراب زادە\"، دایکی ئەو زیندانییە سیاسییەیان ئازار و ئەشکنجە داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە؛ دایکی ئەفشین سوهراب زادە کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوو، ٢٥ی ڕەشەمە، لەلایەن یەکێک لە مەئموورانی ئیتلاعاتی بە ناوی \"عەباس غوڵامی\"یەوە لێیدراوە و ناوبراو سەر و دەستی بریندار بووە و ئازاری زۆری پێ گەیشتووە.

هێزە ئەمنیەتییەکان جگە لە لێپرسینەوە و لێدانی دایکی ئەفشین، برایەکی ئەو زیندانییە کوردیان داوەتە بەر لێدان.

سەرچاوەی هەواڵی کوردپا لە شاری کامیاران ئەوەی خستەڕوو کە؛ هۆکاری ئەو هەوڵەی هیزە لیباس شەخسییەکان \"هاوکاریی نەکردنی بنەماڵەی سوهراب زادە لەگەڵ ناوەندە ئەمنیەتییەکان بووە بۆ هێنانەوەی ئەفشین\".

ئەفشین سوهراب زادە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش هاتنە مورەخەسی بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشتووە.

ڕاپۆرتە نێردراوەکە باس لەوە دەکات کە؛ دۆخی تەندروستیی دایکی ئەفشین سوهراب زادە ناجێگرە و بنەماڵەی ناوبراو سکاڵای خۆیان لە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت تۆمار کردووە.

ئەفشین سوهراب زادە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و لە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٨٩ی هەتاوی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران دەستبەسەر و بۆ زیندانی ڕەجایی شار گوێزرایەوە و پاش حەوتوویەک لە کۆتاییەکانی جۆزەردانی ٨٩ی هەتاوی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەگوازرێتەوە و ماوەی ٦٧ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و بە وتەی ناوبراو؛ لەو ماوەیەدا و لە کاتی لێپرسینەوەدا لێیان داوە و مەئموورانی ئەمنیەتی لە شۆکێری کارەبایی بۆ ئازار دانی ناوبراو کەڵکیان وەرگرتووە.

لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر تەیاری، لە یەکەم دادگادا لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا \"ئەفشین سوهراب زادە\"ی بە تۆمەتی \"محاربه\" و \"مفسد فی‌الارض\"لە ڕێگای پەیوەندیی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٢٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی \"میناب\" مەحکووم کرد.