هێزە ئەمنیەتییەكان لە تەورێز پێشیان بە سەردانی خوێندكاران لە قوتابییانی شیناوێ‌ گرت

13:02 - 21 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: هێزە ئەمنیەتییەكان (حیراسەت)ی نەخۆشخانەی سینای تەورێز و هێزی ئینتزامی نەیانهێشتووە خوێندكارانی زانستگەی تەورێز چاویان بە قوتابییە بریندارەكان بكەوێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ٢٠ی سەرماوەز زیاتر لە١٠٠ خوێندكاری زانستگەی تەورێز كە بە مەبەستی دیدار لەگەڵ كچە قوتابییەكانی گوندی شیناوێ‌ سەردانی نەخۆشخانەی سینای تەورێزیان كردبوو، لەلایەن حیراسەتی نەخۆشخانە و هێزی ئینتزامییەوە پێشیان پێگیراوە.

\"10129.jpg\"
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەكان رایانگەیاندووە، ئەو سەردانانە سیاسین و دەبێ‌ پێشیان پێ‌ بگیرێت، هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، بڕیاریان داوە كە لەمەوبەدوا كەس ئیزنی چاوپێكەوتن لەگەڵ كچە قوتابییە سووتاوەكانی \"شیناوێ\" لە نەخۆشخانەی سینای تەورێزی نیە.

بە وتەی سەرچاوە ناوچەییەكان لە پیرانشار، هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەت ئیزنیان نەداوە تەرمی \"سەیران یەگانی\" كچی سەید لوقمان یەكیك لە كچە قوتابییەكان كە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٩ی سەرماوەز گیانی لەدەست دا لە گۆڕستانی گوندی شیناوێ‌ بنێژرێ‌.