هێزە ئەمنییەکان چالاکێکی مەزهەبیی کوردیان دەستبەسەر کرد

14:06 - 5 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەر کردن و لێپرسینەوە لە چالاکانی مەزهەبی و ئایینیی کورد، چالاکێکی مەزهەبی لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەیوان شەریفی چالاکی مەزهەبی و ئەندامی مەکتەب قورئان، رۆژی ٢٠ی مانگی بەفرانبار لە دووکانەکەی خۆیدا لە مەریوان، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ٧ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا.

\"18020.jpg\"
سەیوان شەریفی چالاکی مەزهەبی و ئەندامی مەکتەب قورئان، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ٧ کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا
بە وتەی شایەتحاڵان، ئەو چالاکە مەزهەبییە لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا، لەلایەن ئەو هێزانەوە سووکایەتی و بێحورمەتی پێکراوە و بە زەبری لێدان سوار ماشێنیان کردووە.

ماڵپەڕی مەکتەب قورئان لەو پەیوەندییەدا بڵاوی کردۆتەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو چالاکە مەزهەبییەیان راگەیاندووە، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ مەکتەب قورئانی کوردستان بپچڕێنێ.

دەگوترێت، سەیوان شەریفی کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری مەریوان، بە زەبری پێلاقە لە ماشێن خراوەتە خوارەوە و خستوویانەتە نێو قاناوی قەراخ شەقامەکە و دەستبەجێ ئەو هیزانە شوێنەکەیان بەجێهێشتووە.