هێزە ئەمنییەکان بە ڕۆژ ئیزنی ناشتنی تەرمی باوکی ڕامین حوسێن‌پەناهییان نەدا

11:40 - 25 خەرمانان 2721

پاش سێ ساڵ و سێ ڕۆژ، لە سێیەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی "ڕامین حوسێن‌پەناهی" زیندانیی سیاسیی کورد، "محەممەد حوسێن‌پەناهی" ناوسراو بە (خاڵۆ میرزا)، باوکی ئەو زیندانییە سیاسییە ئێعدام کراوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کەمپەینی ڕامین حوسێن‌پەناهی لە زاری ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، چالاکی مافی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە کە "محەممەد حوسێن‌پەناهی" لە سێیەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی ڕامین، بەهۆی گوشار دەروونییەکان و هەوڵە بێوەچانەکانی ناوبراو بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەسپەردەکردنی جەنازەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، تووشی بێهۆشیی درێژخایەن بووە و لە ژێر چاودێرئی پزیشکی دایە.

پاش چەند ڕۆژ لەو پەیوەندییەدا، ئەو کەمپیەنە ڕۆژی ڕابردوو باسی لە گیانلەدەستدانی محەممەد حوسین‌پەناهی، لە نەخۆشخانەی "تەوحید"ی سنە کرد و لە هەمان کاتدا، ئەمجەد حوسێن‌پەناهی ڕایگەیاند: "وەزارەتی ئیتلاعات تەرمی باوکمیان لەو نەخۆشخانەیە ڕفاندووە و مەبەستیانە لە شەودا لە گوندی" قوروچای ئەسپەردەی خاک بکرێت".

هەرووەها ئەو کەمپینە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیوویەتی: "هێزە ئەمنییەکان گوندی قوروچاییان گەمارۆ داوە و دەیانهەوێ بە شەو جنازە خاڵۆ میرزا ئەسپەردی خاک بکرێت، بەڵام خەڵک پێشیان بەو کارە گرتووە".

هەروەها ئەمجەد حوسێن‌پەناهی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، داوای لە خەڵک ئەو ناوچەیە کردبوو کە بۆ پێشگرتن لە ناشتنی تەرمی خاڵۆ میرزا لە شەودا، بە هانای بنەماڵەکەیانەوە بچن.

سەرەڕای هەوڵەکان بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی و هاووڵاتییانی خەڵکی قورووچای، بۆ پێشگرتن لە ناشتنی تەرمی خاڵۆ مێرزا لە شەودا، هەوڵەکەیان بێئاکام ماویەوە و تەرمی خاڵۆ مێرزا لەو گوندە بە شەو ئەسپەردی خاک کرا.

ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، ڕامین حوسێن‌پەناهی لەگەڵ لوقمان و زانیار مورادی، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران و هەتا ئێستا شوێنی ناشتنی تەرمەکانیان ڕوون نییە.