هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە کۆبوونەوەی ئەندامانی بەرەی یەکگرتووی کورد کرد

13:49 - 22 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆبوونەوەی ئەندامانی بەرەی یەکگرتووی کورد لە شاری سنە بە دەستێوەردانی هێزە لیباس شەخسی و ئینتزامییەکان هەڵوەشێندرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی رێبەندان نزیک بە ٢٠ کەس لە ئەندامانی بەرەی یەکگرتووی کورد، کە کۆبوونەوەیەکیان پێکهێنابوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاوەیان پێکرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو کۆبوونەوەیە، کەلە کاتژمیر ٥ بۆ ٧ی ئێوارێ لە دەفتەری کۆمپانیای \"شەتاوەکانی کوردستان\"ی شاری سنە لە حاڵی بەڕێوەچوون‌دا بوو، لە چەند کاتژمێر پێش‌ترەوە دەوروبەری ئەو شوێنە بە هێزێکی زۆری نیزامی و ئیتلاعاتی تەندرابوو.

ئەو شایەتحاڵە گوتیشی؛ لە گەرمەی کۆبوونەوەکەدا هێزە نیزامی و لیباس شەخسییەکان خۆیان کرد بە ژووردا و ڕایانگەیاند: کەهەرچی زووتر دەبێ کۆبوونەوەکەنەوە بەجێ بێڵن، کە ئەم هەڵوێستەی هێزە حکوومەتییەکان لەگەڵ دژکردەوەی ئەندامانی بەرەی یەکگرتوو ڕووبەڕوو بوویەوە، بەڵام بەهۆی هەڕەشە و فشاری ئەو هێزانەوە، بەشداربووان بە ناچار شوێنی دانیشتنەکەیان بەجێهێشت.

فشاری هێزە ئەمنییەکان بۆسەر ئەندامانی بەرەی یەکگرتووی کورد لە حاڵێک دایە؛ کە بەرەی یەکگرتووی کورد لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوییەوە بە مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی ئێران چالاکییەکانی دەست پێکردووە.

دەگوترێت ئەندامانی بەرەی یەکگرتووی کورد بڕیارە لەمەڕ ئەو هەڵسووکەوتەی هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکان سکاڵا بۆ دیوانی سەرکۆماری و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە تاران بەرز بکەنەوە.