هێزە ئەمنییەتییەکان چوار هاووڵاتییان لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرد

14:17 - 23 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار هاووڵاتییە کورد خەڵکی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژ، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی لەو شارە دەستبەسەر کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ، شوناسی دوو کەس لە دەستبەسەر کراوەکانی \"خەلیل و سدیق عەینی(باوک و کوڕ) خەڵکی گوندی \"سینگان\" سەر بە شاری شنۆ ڕاگەیەندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوو هاووڵاتیی دیکە لە شاری شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان \"پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە ڕادەگەیەنن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەمە هەواڵە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەست دا نیە.

دەوترێ، بەدواچوونی بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکانی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە بۆ زیاتر ڕوون بوونەوەی چارەنووسی گیراوەکان بێ ئاکام بووە.