هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری ئیلام خوێندکارێکی کوردیان دەستبەسەر کرد

14:56 - 28 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری ئیلام خوێندکارێکی کوردیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، خوێندکارێکی زانکۆی\"باختر\"ی شاری ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا.

شوناسی ئەو خوێندکارە کوردە بە \"سوهەیل محەممەدپوور\" ڕاگەیندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارە کوردە بە هۆی چاپ کردنی بابەتێکی ڕەخنەگرانە لە پەیوندی لەگەڵ دەستێوەردانی بەسیجی خوێندکاری لە کاروباری فەرهەنگی دەستبەسەر کراوە.

ئەو خوێندکارە کوردە لە هاوکارانی بڵاڤۆکی خوێندکاری لە پارێزگای ئیلامە.

هەتا ئێستە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی ئەو خوێندکارە لە بەردەستدا نییە.

دەوترێ، بە هۆی ڕەخنەگرتنی ئەو خوێندکارە کوردە، ئەگەری زۆری هەیە ناوبراو لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدرانەوە دەستبەسەر کرابێت.

هەر لەوە پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سەرپێڵی زەهاو، کەسێکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی \"حەیدەر ئەلیاسی\" بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەستبەسەر کرد.