هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری شنۆ شەش هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد

18:31 - 22 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ٦ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەزا ئیسلام‌دوست"، "سامان ڕەسوڵزادە"، "سەنعان ڕەسوڵزادە"، "دیاکۆ خەلیلی"، "ئەشکان شکاک" و "سینا ئاقازادە" کوڕی سلێمان خەڵکی شاری "نەلۆس"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو ٦ هاووڵاتییە و ئەوانیان دەسبەسەر کردووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ٦ هاووڵاتییە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کراون".

ئەو سەرچاوەیە ڕاگەیاند: سینا ئاقازادە پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

پێشتریش ٧ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەزا ئیسلام‌دوست"، "ئومێد ئیسلام‌دوست"، "سامان ڕەسووڵزادە"، "سەنعان ڕەسووڵزادە"، "دیاکۆ خەلیلی"، "هادی حەسەن‌زادە" و "ئەشکان شکاک" خەڵکی شاری "نەلۆسـ"ـی شنۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ کرابوون.