هێزە ئینتزامییەکانی ورمێ، پێشیان لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی ژنان گرت

15:39 - 28 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ژنان و بنەماڵەکانی پارێزگای ورمێ، باسی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتی گرووپی \"دڵیار\"ی ژنان، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە کرد.

\"پەریسا عەلی‌لو\"، بەڕێوەبەری کاروباری ژنان و بنەماڵەکان لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: \"بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ، کۆنسێرتی گرووپی دڵیار لە هۆڵی نەخۆشخانەی ئومیدی ئەو شارە، بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون، بەڕێوەبچێت، بەڵام هێزە ئینتزامییەکان ئیزنی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرەتەیان نەدا\".

بڕیار بووە ئەو کۆنسێرتە، لە لایەن ژنانی هونەرمەندی گرووپی \"دڵیار\"، بۆ ئەو ژنانەی کە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون، بەڕێوەبچێت.

گرووپی مووسیقای \"دڵیار\"، بە سەرپەرەستیی \"ندا بێهزادی\" و بە هونەرمەندیی \"نازلی سوڵتانزادە و عاتیفە نەورۆزی\" بووە. ئەو کۆنسێرتە بڕیار بوو لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا بەڕێوەبچێت، کە ئیزنی بەڕێوەچوونی پێنەدرا.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای ورمێ، هۆکاری هەڵوشاندنەوەی کۆنسێرتی گرووپی دڵیاری بۆ پێنەدانی مۆڵەتی فەرمی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە گەڕاندەوە.

لەم پەیوەندییەدا، پارێزگاری پارێزگای ورمێ بەڵێنیی داوە کە بەدواداچوون بۆ هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆنسێرتە بکات.

بەپێی لێدوانی کڕیارانی بلیتی گرووپی مووسیقای دڵیار، ئەو کۆنسێرتە بڕیار بووە لە ڕۆژی پێنجشەممەدا، لە دوو نەوبەتدا بەڕێوەبچێت. هەروەها فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکان لە بەڕێوەچوونی دوو نەوبەتیی ئەو کۆنسێرتە لە ڕۆژی پێنجشەممەشدا، دژایەتیی کردبوو.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کۆنسێرتی گرووپی مووسیقای ژنان لە پارێزگای ورمێدا بەڕێوە نەچووە.