هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران ٥ کۆڵبەری کوردیان کردە ئاماجی تەقەی ڕاستەوخۆ

15:15 - 17 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شاری چاڵدێران دوو کۆڵبەر کوژران و سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران، ٥ کۆڵبەری کورد کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران.

لە ئەنجامی ئەو تەقەیەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران ٢ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"بورهان عەلەم هولوو و مستەفا مێهرپەروەر\" لە سنووری شاری چاڵدێران کوژران و ٣ کۆڵبەری دیکەیش بە توندی بریندار بوون.

ئەو ٥ کۆڵبەرە کوردە کە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە خەڵکی گوندی شوت، چاڵدێران و ماکۆ بوونه.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت، بە ناوەکانی \"لەتیف و ڕەئووف عەلیخانی\" کوڕی ساڵح، خەڵکی گوندی گوێزلی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی پاسگای \"گوێزڵێ\" کوژران.

هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان کە وەک سەرچاوەی داهاتی زۆربەی خەڵک بە ئەژمار دێت، ڕوو لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری دەکەن.