هێزە ئینتزامییەکان ماشینی هاووڵاتییەکیان دایە بەر دەستڕێژ

15:53 - 29 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە یەکێک پایەگاکانی بەشی سیلوانە، قوربانی بوونی دوو هاووڵاتیی لێ‌کەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی جێگیر لە پاسگای گوندی \"هەشتیان\" سەر بە بەشی سۆمای برادۆست، دوێنێ٢٨ی خەرمانان، تەقەیان لە ماشینێکی جۆری پەیکان کردووە.

لەو تەقەکردنەدا، شۆفیڕی ماشینەکە بە ناوی ئەرکان سەعیدی کوڕی شەوقی، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

لەمێژە چالاکانی مەدەنی لە کوردستان سەبارەت بە \"ڕوانگەی ئەمنیەتی\"ی حکوومەتی ئیسلامی لەسەر هاووڵاتییان ناڕازین و داوای هەڵگرتنی ئەو ڕوانگەیە دەکەن.

هەواڵنێری کوردپا لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاند: ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٣٠/٣ شەوی یەکشەممە ڕوویداوە و هاووڵاتییەکی دیکە کە ئامۆزای ئەرکان بووە، بە سەختی لەو ڕووداوەدا بریندار بووە.

ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی گوندی\"گێچە\" لە بەشی سۆمای برادۆست بوون و لە سەفەر گەڕاونەتەوە.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایدەگەیەنن کە؛ ئەو هاووڵاتییانە پاش ڕاگرتنیان لە خاڵی پشکنین، لەو شوێنیە دەڕۆن و لە ناکاو هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی ئەوەیکە ئەو ماشینە شتومەکی قاچاغی پێ بووە، تەقەیان لێ دەکەن و دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی شۆفیڕی ماشینەکە و بریندار بوونی ئامۆزاکەی.

دەوترێ، بێجگە لەو دوو هاووڵاتییە، ژنێکی پێ لە تەمەنیش لە نێو ئەو ماشینەدا بووە، کە لە بارودۆخی تەندروستی ئەو ژنە بەتەمەنە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیە.