هێزە ئینتزامییەکان لەسەردەشت، کچێکیان بە زەبری چەک بریندار کرد

14:18 - 20 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە ماشێنی هاووڵاتییەکی مەدەنی، منداڵێک کەلە ناو ماشێنەکەدا بوو، بە توندی بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی گەلاوێژ، کەسێک بەناوی عەزیز ئیسماعیلی خەڵکی گوندی دۆڵە گەرمی ناوچەی سەردەشت کە هاوڕێ لەگەڵ کچە منداڵەکەی بە ماشێنی شەخسی بەرەو گوندەکەی خۆیان دەگەڕایەوە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە درانە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا کچەکەی بە توندی بریندار کرا.

ئەو کچە ناوی موژدە ئیسماعیلی بووە، کەلە نزیک گوندی دەرماناوێ و لە کاتێکدا لەگەڵ باوکی لە سەردەشتەوە بەرەو ماڵی خۆیان دەگەڕانەوە شانی بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پێکراوەو بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

دوابەدوای ئەم رووداوە، هاووڵاتییانی خەلکی گوندی دۆڵەگەرم، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو تەقە کردنە و بریندار کردنی هاووڵاتییانی مەدەنی، لەبەر دەم فەرمانداریی شاری سەردەشت کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێکهینا.

پێشتر محەمەد ساڵح نیکبەخت پارێزەری کورد لە دادگاکاندا، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاندبوو، هێزە ئینتزامییەکان لەمەڕ تەقە کردن لە هاووڵاتییان و پاساو هێناوەو لە دادگاکاندا، دەڵێن: لە پێشدا عەلامەتمان بەو کەسە داوە و دواتر بە دەنگ ئاگادارمان کردۆتەوە، کە خۆت بەدەستەوە بدەو پاشان تەقەی هەواییمان کردووەو لە ئەنجامیشدا کە رانەوەستاوە تەقەمان لێکردووە، هەر بۆیەش هەتا ئێستا هیچ کام لە بکوژەکان دەستبەسەر یان سزا نەدراون\".