هێزە ئینتزامییەکان لە ورمێ ژمارەیەک کۆڵبەریان دەستبەسەر کرد

19:52 - 29 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردی خەڵکی ناوچەی ورمێ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای سنووریی سۆماو برادۆستەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٨ی بەفرانبار ، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پاسگای سنووریی پەری خان لە ناوچەی سۆماو برادۆستی ورمێ، وێڕای زەوت کردنی باری کۆڵبەران، ژمارەیەک کۆڵبەریشیان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنیری کوردپا لە ورمێ، ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرە دەستبەسەر کراوانەی سەلام سەحرایی و خەڵکی گوندی \"بەردیزی\"ی سەربە ناوچەی سۆماو برادۆستی ورمێ راگەیاندووە.

دەگوترێت، ساڵی رابردووش برایەکی ئەو کۆڵبەرە کوردە دەستبەسەر کراوە بەناوی شوکری سەحرایی لە کاتی کۆلبەری و لە ئەنجامی تەقەی مەئموورانی ئەو پاسگایەدا کوژرا.

هەتا ئێستا ناسنامە و شوێنی راگیرانی ئەو کۆڵبەرە دەستبەسەر کراوانەی دیکە، کە زۆربەیان خەڵکی گونی بەردیزی\" بوون، بۆ هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوە.