هێزە ئینتزامییەکان رێگرییان لە کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە مەریوان کرد

15:29 - 6 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رێگرییان لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا کرد کە ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لەوەڕگەکانی دەوروبەری مەریوان کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای \"پیران\" لە نزیک گوندی سەردۆشی، رێگرییان لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان کرد کە ئاگرکەوتنەوەی لەوەڕگەو دارستانەکانی گوندی \"سەردۆشی\" و \"دۆڵەبی\" کۆنترۆڵ بکەن.

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، مەئموورانی پاسگای پیران رایانگەیاند کە بۆخۆیان ئەو ئاگرکەوتنەوەیە کۆنترۆڵ دەکەن، ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە مەئموورانی ئەو پاسگایە خۆیان لە ئاگرکەوتنەوەکە نەدا و ئاگرکەوتنەوەکە هەتا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.

ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ١٤ کەس بوون کە لەلایەن مەئموورانی ئەو پاسگایەوە رێگرییان لێکرا.

ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان رۆژی رابردوو ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی گوندی \"ترخان ئاوا\" و دەرە تفێ\"ی شاری مەریوانیان کۆنتڕۆڵ کرد.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ٢٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی دارستان لە ناوچەکانی دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا تۆمار کراوە.