هێزە ئینتزامییەکان دەسڕێژیان لە ماشینی کاسبکارێک کرد

12:59 - 28 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ ی سەرماوەز، کاسبکارێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی لەو شارە پێکرا و بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان، شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە ناوی \"عەلی محەممەد مام برایم\"، خەڵکی گوندی \"ئەختاچی\" شاری بۆکان ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئینتزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردووە؛ ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لەو کاسبکارە لە حاڵێکدا بووە کە ناوبراو هیچ شتومەکێکی پێ نەبووە.

ئەو کاسبکارە کوردە پاش ئەو ڕووداوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی ئەو شارە کراوە.

پێشتر، ساڵح نیکبەخت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا رایگەیاندبوو: ئەگەر کەسێک ماشێنی پێ بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.