هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بەسەر ٢٤٠ سەر مەڕی هاووڵاتییەکی مەریوانیدا گرت

12:12 - 25 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە کێوێکی سەرسنوور دەستیان بەسەر ٢٤٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەکی مەریوانیدا گرت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە \"کێوی رەنگین\" نزیک گوندی \"دزڵی\" و هەڵکەوتوو لە نێوان سنووری ئێران و هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر ٢٤٠ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییەکی مەریوانیدا گرت و تێکڕای ئەو مەڕ و ماڵاتانەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان بەبیانووی نزیک بوونەوەی ئەو مەڕ و ماڵاتە لە سنوور ئەو کارەیان کردووە و هەتا ئێستا وێڕای بەدواداچوونی ئەو هاووڵاتییە هیچ وەڵامێکی لەلایەن دەزگا پێوەندیدارەکانەوە پێ ندراوەتەوە.

هەروەها \"رۆژی ١٨ی خەزەڵوەر\"یش هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە ٣ ماشێنەوە چووبوونە گوندی \"نێ\"ی سەر بەشاری مەریوان و دەستیان بەسەر ١١٥ سەر مەڕی هاووڵاتییانی ئەو گوندەدا گرتبوو و لەگەڵ خۆیان بردبویانن.

پێشتریش لە گوندی \"دەرەکێ\"ی سەربە شاری سەوڵاوا، هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای \"ژاڵانە\" ده‌ستیان به‌سه‌ر ٤٠ سه‌ر مه‌ڕ و ماڵاتی ونبووی دوو هاوڵاتیی گوندی \"دەرەکێ\"دا گرت و دواتر ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌یان لە کوشتارگا سەربڕیبوو.