هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بە سەر چەند ئەسپی کاسبکاران داگرت

14:51 - 11 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی بۆسەدانان و هێرشی هێزە ئینتزامییەکان لە لە سەر ڕێگای کاسبکاران لە ناوچەی هەورامان چەند سەر ئەسپی کاسبکاران بە بارەوە دەستی بە سەر داگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ١٠ی گەلاوێژ، چەند سەر ئەسپی کاسبکارانی کورد لە ناوچەی هەورامان بە بارەوە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستی بە سەر داگیرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچەی هەورامان،هەڵیان کوتایە سەر کاروانی کاسبکاران و پاش تەقەیەکی زۆر لە کاسبکارانی کورد، چەند سەر ئەسپی کاسبکاران بە بارەوە دەستی بە سەر داگیرا.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاسبکارنە خەڵکی گوندەکانی \"دروکێ و سەلێن\" لە ناوچەی هەورامان بوونه.

هەر لەو پەیوەندییەدا،ڕێکەوتی ٧ی گەلاوێژ، ١٧ سەر ئەسپی کاسبکاران بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان بە کوشت چوونە و هەروەها هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بە سەر کەلوپەلی ئەو کاسبکارنەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام رۆژانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.