هێزە ئیلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە ٢ زیندانیی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج کرد

16:05 - 15 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سییاسیی عەرەب لە زیندانیانی زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\" لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی حوکمی ئێعدام بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٣ی جۆزەردان خالید حەردانی زیندانیی سیاسیی عەرەب کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو زیندانییەیان راگەیاندووە کە دەزگای قەزایی هەڵەی کردووە کە تۆی بە زیندووی هێشتۆتەوە.

نامێق مەحموودی زیندنایی سیایسیی کورد لێپرسینەوەی لێکرا
هەروەها رۆژی سێشەممە نامێق مەحمودی زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن ئەو هێزانەوە بانگهێشت کراوە و سەبارەت بە تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر یەکێک لە مەئموورانی ئەو زیندانە کە چەند رۆژ پێش ئێستا سووکایەتی بە ناوبراو کردبوو، لێپرسینەوەی لێکرا.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد: هێزە ئیلاعاتییەکان بەو زینداییە کوردەیان راگەیاندووە کە دەبێ لە سکاڵاکەی خۆی پاشگەز ببێتەوە.

رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی جۆزەردان نامێق مەحموودی لە کاتی چوون بۆ نەخۆشخانە بەهۆی ئەوەی کە کارتێکی تەلەفۆن لە گیرفانیدا بووە، لەلایەن یەکێک لە مەئموورانی ئەو زیندانەوە بەناوی \"مەهدی موختاری‌فەر \"درابوویە بەر لێدان و بەو هۆیەوە ئەو زیندانییە کوردە لەهۆش خۆی چووبوو.

دواتر نامێق مەحموودی سکاڵانامەیەکی رادەستی دەزگای قەزایی ئێران‌و سەرجەم رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤی کردبوو، ناوبراو خوازیاری پشتگیری بۆ بەدواداچوونی ئەو مەسەلەیە ببوو.