هێزە ئیتڵاعاتییەکان لە ڕوانسەر هاووڵاتییەکی کوردیان دەسبەسەر کرد

13:37 - 10 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ڕوانسەر سەر بە شاری کرماشان لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سلێمان یارئەحمەدی\" تەمەن ٥٣ ساڵ خەڵکی گوندی \"بەورئاوا\"ی سەر بە شاری ڕوانسەر لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعاتی ڕوانسەر، چوونەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گوندی \"بەورئاوا\" و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: هێزەکانی ئیتڵاعات بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیرانی ئەم هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.