هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت گوشاریان خستووتە سەر بنەماڵەیەکی جوانڕۆیی

20:59 - 29 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کردپا: لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی کوردستان دەستیان کردووە بە دەستبەسەرکردن و گوشارهێنان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لەو شارە گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی وەهاب فەخری، کە نیشتەجێی یەکێک لە وڵاتانی ئۆرووپاییە، بۆ ئەوەیکە کوڕەکەیان بگەڕێننەوە بۆ ئێران.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی فەخری بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هەتاکوو ئێستا چەند جارێک لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون وداویان لێکراوە، کە ژمارە تەلەفون، وێنە، ناونیشانی تەواوی کوڕەکەیان بۆ ئەو ئیدارەیە بهێنن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە براکانی وەهاب بە ناوی ئیدریس فەخری کە لە ئیدارەی کارەبای شاری جوانڕۆ دامەزرابوو، لە سەرکارەکەی دەرکراوە.

دەگوترێ، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەی فەخری بە ناوی عەدنان فەخری بە بەردەوام لەژێرچاوە دێری هێزە ئیتلاعاتییەکان دایە.

کەمپینی داکۆکی لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، بانگهێشت کردنی ئەو بنەماڵەیە لە کاتێک دایە کە ئەوان بە هیچ جۆرێک چالاکییەکی سیاسیان نەکردووە و ئەو بنەماڵەیە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک لەمەوبەر، چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی مەهاباد بە ناوی \"سەلاحەدین مالک تومەتەری\" بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران پەرێوەیی یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی بوو.

لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا، نزیک ٣٠ کەس لە هاووڵاتییانی کورد، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.