هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت سێ خوێندکاری زانکۆی کوردستانیان دەسبەسەر کرد

21:27 - 25 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ خوێندکاری کوردی زانکۆی کوردستان لە سنە، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ ڕێکەوتی ۲٥ی بەفرانبار، سێ خوێندکاری کورد بە ناوەکانی "موسلێم سلێمانی"، "زانیار ئەحمەدپوور" و "ئەرشەد ئەتابەک"، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی کوردستان بۆ مەحکوومکردنی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر کران.

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دیکەی ئێران، بۆ مەحکوومکردنی کردەوەی سپای پاسداران بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکەی موسافیبەریی ئۆکراینی و قوربانی بوونی نزیکەی ۱۸۰ کەس، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

لەم ناڕەزایەتییانەی زانکۆی کوردستاندا، خوێندکاران دژی حکوومەت دروشمیان دا و ئامادە نەبوون لەسەر ئاڵای ئامریکا کە لەسەر پلەی ئەو زانکۆیە کێشراوەتەوە، هەنگاو بنێن.