هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕێگایان لە \"چوونە دەرەوە\"ـی هاووڵاتییەکی کورد گرت

13:34 - 30 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گوشار بۆ سەر بنەماڵەی هاووڵاتییانی کورد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری شنۆ بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان، ماوەی یەک مانگە بێسەروشوێنە و هێزەکانی ئیتلاعات حوکمی \"نەچوونە دەرەوە\"ـی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پیشانی بنەماڵەکەی داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی گوندی \"سۆفیان\" سەر بە شاری شنۆ، بە ناوی \"ئیسماعیل ڕەشیدپوور سۆفیانی\" ماوەی یەک مانگە لە ترسی دەسبەسەر کردنی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە خۆی شاردووەتەوە و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نییە.

\"\"
ئیسماعیل ڕەشیدپوور
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە، بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە، ماوەی چوار مانگ بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە زینداندا بووە و پاشان بە دانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش ئازاد کردنی ئەو لاوە کوردە، گوشاری بۆ دێنن کە دەبێ هاوکارییان بکات. ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان چەند جارێک، کاتژمێر ٤ی بەیانی بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئیسماعیل و دەستیان بە پشکنینی ماڵی نابراو کردووە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات، لەو ماوەیەدا کە ئەو هاووڵاتییە خۆی شاردووەتەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بە ئەزیەت و ئازاری بنەماڵەی ناوبراو بۆ دانی زانیاری لە شوێنی خۆشاردنەوەی کوڕەکەیان کردووە و بە وتەی ئەو سەڕچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی ڕەشیدپووریان ڕاگەیاندووە، کە دەبێ بە کوڕەکەیان بڵێن خۆی ڕادەستی ئیتلاعات بکات، دەنا بنەماڵەکەی لەگەڵ هەڵسووکەوتی قەزایی بەڕەوڕوو دەبنەوە.

ئیسماعیل ڕەشیدپوور سۆفیانی لەدایکبووی ساڵی ٦٠ی هەتاوییە و بەکالۆریسی لە بیرکاریدا هەیە، کە لە لایەن دەزگای قەزایی حوکمی \"نەچوونە دەرەوە\"یان بۆ دەر کردووە.