هێزە ئیتلاعاتییەکان چالاکێکی مەدەنیی کوردیان لە شاری "دێولان" دەستبەسەر کرد

22:56 - 20 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولانەوە دەستبەسەر کرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار چالاکێکی مەدەنی بە ناوی \"سیروان حوسێن پەناهی\" تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی \"قوروچا\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵی باوکی خۆی لەو گوندە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە چوار ماشینەوە هێزی چەکدارەوە چوونەتە گوندی \"قوڕوچا\" و وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە، دەستیان بەسەر سەرجەم کەلوپەلە شەخسییەکانی \"سیروان حوسێن پەناهی\"شدا گرتووە.

\"10664.jpg\"
سیروان حوسێن پەناهی
ئەو چالاکە مەدەنییە خوشکەزای ئەنوەر حسێن پەناهی زیندانی سیاسیی کوردە کە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و لە کۆتایی ساڵی ١٣٨٧ بە تاوانی \"دژایەتی لەگەڵ خودا\" و هاوکاری لەگەڵ حێزبێکی کوردی ئۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامی بۆ برایەوە و دواتر حوکمی ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ پژڕاست کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە سەباح حوسێن پەناهی چالاکی سیاسیی کورد و ئامۆزای ئەنوەر حوسێن پەناهی، سەرەڕای تەواو بوونی حوکمەکەی هێشتا لە زیندانی شاری قوروە راگیراوە.

ئەو چالاکە سیاسییە رۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر دادگای شۆڕشی شاری سنە ماوەی ٦ مانگ زیندانی بۆ بڕییەوە کە ماوەیەک پێش ئێستا لەسەر سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعات دۆسیەکەی وەگەڕ خراوەتەوە و هەتا ئێستا لە زینداندا ماوەتەوە.

لە ماوەی ئەم شەش ساڵەی دواییدا زیاتر لە ٥٣ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەناهی بە شێوە جیا جیا و بە بیانووی جۆر بە جۆر دەستبەسەر کراون.