هێزە ئیتلاعاتییەکان پێشیان بە دروست کردنی فیلمێکی دیکۆمێنتی لە زانکۆی لورستان گرت

17:04 - 5 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: دروست کردنی فیلمی دیکیۆمێنتاریی \"قەڵای ئەفلان کێو هەتا ئیلام\" لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە پێشی پێ گیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا کۆمەڵیک لە خوێندکارانی کوردی زانکۆی \"خوڕەم ئاوا\"ی لوڕستان کە سەرقاڵی دروست کردنی فیلـمێکی دیکیۆمێنتی بوون، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ناوەندە ئەمنیەکانەوە رێگرییان لێکرا.

فیلمی دیکیۆمێنتیی \"قەلای ئەفلان کێو هە تا ئیلام\" دەپرژێتە سەر بڕگە و قۆناغەکانی مێژوو کە جەختی لە کوردبوونی لوڕەکان دەکاتەوە.

سەرەڕای ئەوە کە خوێندکارە کوردەکانی ئەو زانکۆیە ناڕەزایەتییان لەمەڕ ئەو هەڵسوکەوتی هێزە ئیتلاعاتییەکان دەربڕیوە، لەلایەن ئەو هێزانەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەری و دەرکران لە زانکۆ بوونەتەوە.

بەشێکی بەرچاو لە لوڕستان و ئیلام لە سەرچاوە مێژوویەکاندا وەک لوڕی بچووک ناویان لێ‌نراوە و غاڵب بوونی زمانی کوردی لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی مادەکاندا، سەلمێنەری کوردبوونی لوڕەکانی ئەو ناوچەیەیە.