هێزە ئیتلاعاتییەکان پێشیان بە بەڕێوەچوونی پشتیوانیی چالاکانی مەدەنیی شاری سنە لە عەفرین گرت

14:42 - 7 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سنە، بۆ چالاکانی مەدەنی لە هەمبەر پشتیوانی لە شاری عەفرین، بەربەستیان دروست کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندان، کۆبوونەوەی چالاکانی مەدەنیی شاری سنە، لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانی کردن لە هاووڵاتییانی شاری عەفرین، بە هۆی پێشگرتنی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە بەڕێوە نەچوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێندێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە وەک ئیجلال قەوامی، هاشم حیسامی و سەباح حەسەنی بۆ بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە شاری عەفرین لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە.

چالاکانی مەدەنی شاری سنە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ڕوویان لە ویژدانە نەنووستووەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کردووە و وێڕای هاوخەمیی لەگەڵ خەڵکی کوردستانی سووریە، هەوڵ و هێرشی دەوڵەتی تورکیەیان بۆ سنووری ئەو بەشەی خاکی کوردستان مەحکووم کرد.

ئەو چالاکانە دەڵێن: \"بێدەنگی و ڕانەچڵەکانی ویژدانە نەنووستووەکان، کۆمەڵگای مافی مرۆڤ، بێجگە لە گیان لەدەست دانی هەزار مرۆڤ، ماڵوێرانی و ئاوارەبوون هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نییە\".

چالاکانی مەدەنیی شاری سنە، بوردمانی شار و گوندەکانی کوردستانی سووریە بەتایبەتی شاری عەفرین بە \"پێشێلکردنی تەواوی بەند و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ کە لە جاڕنامە نێونەتەوەییەکاندا هاتووە، دەزانن\".

هەر لەو پەیوەندییەدا، فەرمانداری شاری ورمێ، داواکاریی چالاکانی مەدەنیی ئەو شارەی، سەبارەت بە پشتیوانی کردن لە هاووڵاتییانی شاری عەفرینی ڕەت کردبووەوە.