هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەی دەستدرێژی جینسیان بۆ سەر زیندانییەکی سیاسیی کورد کرد

21:43 - 23 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بۆ بە زۆرشکاندنی مانگرتن لە خواردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد، هەڕەشەی دەستدرێژی جینسیان لێکردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان، لە کاتێکدا کە ئەفشین و ڕامین حوسێن پەناهی دوو زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری دێوڵان، لە ژووی تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەدا مانیان لە خواردن گرتبوو، مەئموورانی زیندان هەڕەشەی دەستدرێژی جینسی لە ئەفشین حوسین پەناهی دەکەن.

ئەمجەد حوسین پەناهی چالاکی مافی مرۆڤ و برای ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کورده وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"مەئموورانی زیندان بۆ گوشار هێنان بۆ سەر ڕامین و شکاندنی مانگرتن لە خواردن، هەڕەشەی دەستدرێژی لە ئەفشین حوسێن پەناهی لە پێش چاوی ڕامین دەکەن\".

بە وتەی ئەو چالاکەی مافی مرۆییە، ئەو هەواڵە لە لایەن یەکێک لە هاوبەندییەکانی ڕامین ئاشکرا کراوە و تەنانەت ڕامین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەو هەواڵەی بۆ یەکێک لە خوشکەکانی باس کردووە.

بە وتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەوان ماوەی یەک حەوتوو لەمەوبەر لەو هەواڵە ئاگادار بوونەتەوە.

ڕامین و ئەفشین حوسێن پەناهی ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ لە زیندانی ناوەندی شاری سنە مانیان لە خواردن گرتبوو.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا و پێش تەواوبوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە، بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە.

ئەفشین حوسێن پەناهی ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش دەستبەسەر کردنی\"ڕامین‌حوسین پەناهی\" چالاکی سیاسی، لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری دێولانەوە لە مالەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.