هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتیەکی دیکەیان لە شاری پاوە دەستبەسەر کرد

13:52 - 29 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە درێژەی رەشبگیری و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هاووڵاتیەکی دیکەی خەڵکی شاری \"پاوە\"یان بە هۆیەکی ناڕوون دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمە هاووڵاتییەک بەناوی \" پێدرام قادریان\" خەڵکی شاری پاوە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

لەماوەی ٣ حەفتەی رابردوودا ٢٢ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پاوە دەستبەسەر کراون کە زۆربەیان چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی بوون و هەتا ئێستاش ١٦ کەسیان لە دەستبەسەریدان.

هەروەها \"بابەک عەباسی، موعتەسەم شافعی، جەهانبەخش ئەحمەدی، محەممەد نیگاری، قانع حاتەمی و ئاراس حاتەمی\" کە لەو ماوەیەدا لە شاری پاوە دەستبەسەر کراون، بۆ زیندانی ئەو شارە راگوێزراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە کە ئەو چەند کەسە هەتا ئێستا بە \"قەراری بازداشت\" لە زیندان راگیراون و بەبڕیاری هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا پاش پشووی نەورۆز لە زیندان دەمێننەوە.