هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان لە تاران دەستبەسەر کرد

16:04 - 4 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هاوولاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٣٠ سەرماوەز هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"مستەفا حامیدی\" خەڵکی شاری سایین‌قەڵا کەلە شاری تاران نیشتەجێ بووە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگەیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاردار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە گومانی بوونی ماهوارە لە ماڵی ئەو هاوولاتییەدا، ماڵەکاەیان بە وردی پشکنیوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا کە \"مستەفا حامیدی\" پاش دەستبەسەر کران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ زیندانی \"قزل‌حەسار\"ی کەرەج راگوێزراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماریی ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ١ مانگی رابردووە هەتا ئێستا ٢٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن هێزە نیزامی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینەی دەستبەسەر کراوان دەکرێ لەو رێژەیەش زیاتر بێت.