هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی دیکەیان لە روانسەر دەستبەسەر کرد

21:35 - 12 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری روانسەر لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و سێ چالاکی سیاسی خەلکی ئەو شارە بۆ زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان راگوێزران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عادڵ محەمەدی تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی ئەحمەد، کەلە کۆتاییەکانی مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، رەوانەی زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان کراوە.

دەگوترێت، کە ئەو هاوولاتییە کوردە لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کراوە.

لەلایەکی دیکەوەو بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، سێ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری روانسەر بەناوەکانی ئارام سلێمانی، مەهدی وەیسی، عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد پاش ٤٠ رۆژ دەستبەسەری لە ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان راگویزران.

رۆژانی ١ و ٢ی رەشەمە ئارام سلێمانی، مەهدی وەیسی، عەبدولکەریم ئەحمەدنژاد، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کران و لەو ماوەویەدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کرماشان لەدەستبەسەریدا بوون.

ئەو سێ چالاکە کوردە هاورێ لەگەڵ سیرووس مەنسووری و شاپوور و شاڕۆخ (برا) و کەسێکی دیکەش بەناوی هیدایەت دەستبەسەر کران، کە سیرووس مەنسووری، شاپوور و شاڕۆخ رێکەوتی ٢١ی رەشەمە هەرکامەیان بە سپاردنی ٥٠ ملیۆن تمەن بارمتە ئازاد کران و هەتا ئێستاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی هیدایەت لەبەر دەستدا نییە.