هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهابادیان دەستبەسەر کرد

13:15 - 6 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردن و لێپرسینەوە لە هاووڵاتییانی کورد، هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهابادیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کامران ئەمینی، کوڕی محەممەد و دانیشتووی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ کامران ئەمینی، کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو رێکەوتی ٢ی رێبەندان دەستبەسەر کراوە، چەند رۆژ پێشتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڕەشەی دەستبەسەر کرانی لێکرابوو.

سەرچاوەکە گوتیشی، کامران ئەمینی دووکانی چاپ و کۆپی هەبووەو لەکاتی دەستبەسەر کرانیدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دراوەتە بەر لێدان و سووکایەتی پێکردن.

دەگوترێت، هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کرانی \"کامران ئەمینی\"یان بۆ هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گەڕاندۆتەوە، بەڵام هەتا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، شوێنی راگیرانی ناوبراو نەزانراوە.