هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی بۆکانیان دەسبەسەر کرد

13:12 - 5 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، شەوی ڕابردوو بە هۆکارێکی نادیار لە لایەن مەئموورانی ئیداری ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کرا.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٣ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری بۆکان، لە ماڵەکەی خۆی لە لایەن مەئموورانی ئیداری ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"سلێمان میرزایی\" کوڕی ئەبووبەکر ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: سێ کەس لە مەئموورانی ئیداری ئیتلاعات شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١١ شەو، بەبێ بەڵگەی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و نابراویان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بۆ ئیداری ئیتلاعاتیان بردووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سلێمان ماوەی چوار مانگە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و تەنانەت هۆکاری دەسبەسەر کردنەکەی بۆ خێزانی ڕوون نەبووەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەر دەستدا نییە.