هێزە ئیتلاعاتییەکان ٣ هاووڵاتیی کوردیان لە سەرپێل زەهاو دەستبەسەر کرد

20:22 - 10 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حەفتەی رابردوو لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان، ٣ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری سەرپێڵ زەهاو، ٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

هەواڵنێری کوردپا ناسنامەی ئەو ٣ هاووڵاتییەی \"قارەمان رەحمانی\" کوڕی کەریم، \"فەرمان رەحمانی\" تەمەن ٣٩ ساڵ، کوڕی قارەمان و \"عەسکەر رەحمانی\" تەمەن ٤٦ ساڵ راگەیاندووە.

ئەو ٣ هاووڵاتییە خەڵکی گوندی \"دەنگی\" سەربە بەخشی \"پشت تەنگ\"ی شاری سەرپێڵ زەهاون و یەکێک لەو دەستبەسەر کراوانە زیاتر لە ٨٠ ساڵ تەمەنی هەیە.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هەرکام لەو ٣ هاووڵاتییانە رۆڵەیەکیان ئەندامی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانە.

هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"سەعید دارابی\" لە گوندی \"ئەلیاسی\" سەربە بەخشی \"پشت تەنگ\" ‌بە دەستی هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا و دواتر برای ئەو هاووڵاتییە بە ناوی \"خالید دارابی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرا.