هێزە ئیتلاعاتییەکان ٦٠ ملیۆن تمەن پارەیان لە بنەماڵەی چالاکێکی فەرهەنگی ستاند

15:45 - 19 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ٦٠ ملیۆن تمەن پارەیان لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە بڕیاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕی ٦٠ ملیۆن تمەن پارەیان بابەتی پێدانەوەی ئەو سەنەدەی کە بۆ ئازادیی مەنووچێهر پۆردڵ داندرابوو، لە بنەماڵەی ناوبراو ستاندووە.

بنەماڵەی پۆردڵ لەبەر ئەوەی سەنەدەکەیان دەستی بەردا نەگیرێت، ئەو بڕە پارەیە خستۆتە حیسابی رێکخراوی \"ئەمواڵی خاوەندار(تملیکی)\"ی شاری مەهابادەوە.

مەنووچێهر پۆردڵ\" کوڕی مەحموود، چالاکی فەرهەنگی و ئەندامی ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵان لە ئێران رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ساڵی ٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بە دادنانی بارمتەیەکی ٦٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە دوابەدوای ئەوەی هاوینی ئەمساڵ بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت ، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.