هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ورمێ، لاوێکی دیکەیان بە بیانووی ئاڵای کوردستانەوە دەستبەسەر کرد

21:45 - 29 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەربە بەخشی سیلوانەی سەربە شاری ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەهاب نەورۆزی، کوڕی حەیدەر و خەڵکی گوندی \"هاشم‌ئاباد\"ی ورمێ، ئەو لاوە کوردەیە کە چەند رۆژ پێش ئێستا، هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوینیکی نادیاریان راگواستووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بەسەر چەند کتێبێکی کوردی و کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیی ئەو لاوە کوردەشدا گرتووەو لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هێزە ئیتلاعاتییەکان گوتوویانە؛ ئاڵایەکی کوردستانیان لە ماڵی شەهاب نەورۆزیدا دۆزیوەتەوە و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ناوبراویان بۆ هەبوونی ئەو ئاڵایەی کوردستان لە ماڵەکەیدا گەڕاندۆتەوە.

هەتا ئێستا شوێنی راگیران و چارەنووسی شەهاب نەورۆزی روون نەبۆتەوەو ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵەو کەسووکاری ناوبراو دروست کردووە.

هەروەها سەرەتای مانگی خەرمانان ئەمساڵ، هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بەناوی جەعفەر میرزایی، بەهۆی ئەوەیکە ئاڵای کوردستان لەسەر کڵاوی منداڵە ساواکەی نەخشێندرابوو، دەستبەسەر کراو دادگای ئینقلابی ورمێ حوکمی ٦ مانگ زیندنایی تەعزیری بۆ بڕیبوویەوە.

پێشتریش خاوەن شیرینی فرۆشییەک بەهۆی دروست کردنێ کێکێک بە رەنگی ئاڵای کوردستانەوە، لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دووکانەکەشی لێ داخرابوو.