هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری پاوە هاووڵاتییەکیان دەسبەسەر کرد

13:44 - 22 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پاوە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕێبەندان، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی \"بانەوڕێ\"ـی شاری پاوە، بە ناوی \"ئیحسان قادری\" لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و نابراویان دەسبەسەر کردووە.

دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە دەست هێزەکانی ئیتلاعات، نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.