هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد

13:40 - 14 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر زیندان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رەسووڵ محەممەد نەجات،تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی رەشەمە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی \"محەممەد نەجات\" بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند؛ هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆکاری دەستبەسەر کردنی \"رەسووڵ محەممەد نەجات\" هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە عیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گەڕاندۆتەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر ئازادکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەدا، داوای ١٠٠ ملیۆن تمەن بارمتە دەکات.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتریش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش چەند رۆژ راگیران لە زیندانی ئیتلاعات، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

هەروەها سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٢ی رەشەمە كەسێک بەناوی \"كاوە ئەمینی\" خەلکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزرا.