هێزە ئیتلاعاتییەکان لە سەقز هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد

16:27 - 14 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی گەورکی سەقز، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەدرێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"شیوەتوو\"ی سەربە ناوچەی گەورکی شاری سەقزیان بەناوی \"عەبدوڵلا فەتحی\" دەستبەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، عەبدوڵلا فەتحی رۆژی دووشەممە، رێکەوتی ٥ی جۆزەردان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە هۆکارێکی ناڕوون دەستبەسەر کراوە.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی عەبدوڵلا فەتحی لەماوەی ٩ رۆژی رابردوودا لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان بەردەوام سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری سەقزیان کردووە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان هیچ هەواڵێکیان لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی ناوبراو بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە رانەگەیاندبووە.

هەروەها رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی جۆزەردان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەهاباد دوو لاوی کوردیان بە ناوەکانی ئارام محەمەدخان کوڕی محەمەدخان و سەید عەلی پوورمستەفا ئەقدەم کوڕی سەید رەحمان دەستبەسەر کرد و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.