هێزە ئیتلاعاتییەکان لە بۆکان دوو هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد

21:43 - 1 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی بۆکان، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی بۆکانیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو کەس بەناوەکانی حوسێن خزرپوور و کامیل فەقێ ئەحمەدی، خەڵکی ئاوایی گۆل لە ناوچەی بۆکان، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە رۆژی ١٤ی جۆزەردانی ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ پاش تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەفتە، هیچ هەواڵێک لە شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەر کرانی حوسین و کامیل لەبەر دەستدا نییە.

دەگوترێت، چەند کەسێک لە بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بەهۆی فشاری دەزگا ئەمنییەکانەوە نیشتەجێی دەرەوەی وڵات بوون و هێزە ئیتلاعاتییەکانیش ماوە بە ماوە کەسووکاریان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و لێپرسینەوەیان لێ دەکەن.

لەو پەیوندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانیش چوونەتە سەر ماڵی سێ هاووڵاتیی کوردی خەلکی ئاوایی گۆل و سەرەڕای بێ‌حورمەتی کردن بە ئەندامانی بنەماڵەکانیان، بە بیانووی پشکنین ژوورەکان، تێکڕای کەلوپەلی ناو ماڵەکانیان لێ فڕێ داونەتە دەرەوە.