هێزە ئیتلاعاتییەکان لاویکی دیکەیان لە بۆکان دەستبەسەر کرد

19:07 - 8 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی بەرین بوونەوەی رەوتی سەرکوت و دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد لە کوردستان، لاوێکی دیکەی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کوردی خەڵکی گوندی گامێشگۆلیی سەربە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، کە هاوڕێ لەگەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.

میلاد عەبدی کوڕی مەجید ئەو لاوە کوردەیە، کە شەش رۆژ پێش ئێستا هاورێ لەگەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی گوندی گامێشگۆلی بەناوی (قاسم سپاهی) دەستبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو لاوە کوردە لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکانیان، هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ هۆکار و شوینی دەستبەسەر کرانیان پێ رانەگەیاندراوە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لە ماوەی ٨ رۆژی رابردوودا ١٠ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان و لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا بلاو دەکرێتەوە، کە بەهۆی ئەمنیەتی بوونی ناوچە کوردییەکان و سەرکوتی لەرادەبەدەری هاولاتییان، زۆربەی حاڵەتی دەستبەسەرکرانەکان بە شاراوەیی دەمێنێتەوەو بە میدیایی ناکرێنەوە.