هێزە ئیتلاعاتییەکان باوکی ڕۆژنامەنووسێکی کوردیان دەسبەسەر کرد

17:42 - 1 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی شەخسیی ڕۆژنامەنووسێکی کوردی دانیشتووی شاری تاران و باوکی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شەخسیی ڕۆژنامەنووسێکی کورد، بە ناوی \"سەلاح ڕەمەزانیان\" (ئاسۆ ڕوانسەری) لە شاری تاران و کەرەستە شەخسییەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە وەک کامپیوتێر و هەروەها هێندێک کەرەستەی شەخسی دیکەی نابراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، گوتارگەلێکی لە پەیوەندیی لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان لە ڕاگەیەندنە کوردییەکان بڵاو کردبووە و بەو هۆیەوە لەژێر چاوەدێریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، نەیانتوانیوە ناوبراو دەسبەسەر بکەن، بەڵام لە جیاتی ئاسۆ ڕوانسەری باوکیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە بە هۆی گوشار و هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان بێسەروشوێنە و ئەگەری هەیە ئێرانی بەجێ هێشتبێت.