هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی سەردەشت کۆڵبەرێکی دیکەیان کوشت

13:38 - 28 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی خەڵکی ناوچەی سەردەشت لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ واحید تۆفیقی کوڕی حاجی عەوڵای گاکەی خەڵکی گوندی بێتووشی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شوێنێک بە ناوی دۆلان، درایە بەر دەستڕێژ و گیانی لەدەست دا.

\"17865.jpg\"
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە ئێوارێی پێنج‌شەممە پاش ٢٤ کاتژمێر لەلایەن هاووڵاتییانی ناوچەی ئالانی سەردەشتەوە دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی: واحید تۆفیقی، کە ٦ مانگ پێش ئێستا ژیانی هاوبەشی پێکهینابوو، هاوسەرەکەی دووگیانە و ناوبراو تەنیا بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان رووی لە کۆڵبەری کردنی سەرسنوورەکان کردبوو.

دەگوترێت بنەماڵە و کەسوکاری ئەو کۆڵبەرە کوردە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێکراوە و پێیان وتراوە دەبێ خۆیان لە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان ببوێرن.

هاوکات ئێوارێی رۆژی چوارشەممە کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی نادر کوڕی رەحمانی مام حوسێن خەڵکی گوندی تێبیەتی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بریندار و تووشی حاڵەتی کۆما هاتبوو.