هێزە نیزامییەکانی سنووری باشماخ زەخت و گوشاریان خستۆتە سەر کۆڵبەران

13:11 - 11 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە پیلەوەریی سنووریی باشماخ دەستیان کردووە بە ئازار و ئەزیەتی کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچەی سنووریی باشماخ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە زەخت و گوشاریان خراوەتە سەر و رۆژانە چەندین کۆڵبەر دەستبەسەر دەکەن و دوای جەریمەیەکی قورس ئازادیان دەکەن.

\"9611.jpg\"
پیلەوەریی سنووریی باشماخ
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنووری باشماخ بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێزە نیزامییەکان لە رۆژانی رابردوودا پاش سووکایەتی کردن بە کۆڵبەران، بارەکانیان زەوت کردووە و دواتر ئاگریان تێبەر داون.

ئەم کارەی هێزە نیزامییەکان لە کاتێک دایە کە هەموو ئەو کۆڵبەرانەی کەلە پیلەوەریەکانی سەرسنوور کار دەکەن \"کارتی پیلەوەری\"یان هەیە بە شیوەی یاسایی هاتوچۆ دەکەن.

کاری کۆڵبەری تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام رۆژانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.