هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری پیرانشار شتومەکی کۆڵبەرانیان ئاگر تێبەردا

15:57 - 22 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە شاری پیرانشار ئاگریان لە شتومەکی کۆڵبەرانی ئەو شارە بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی، لە شاری پیرانشار دەستیان بە سەر شتومەکی ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی ئەو شارەدا گرت و ئاگریان تێبەردا. شتومەکی کۆڵبەرانی کورد، سیگار و جلوبەرگی منداڵان بووە.

دەسبەسەرداگرتن و ئاگرتێبەردانی شتومەکی کۆڵبەرانی کورد، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە لە حاڵێکدایە کە هاووڵاتییانی کورد، بە هۆی بێکاری و نەبوونی هەلی کار ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و کۆڵبەری تەنیا سەرچاوەی داهاتی ئەو هاووڵاتییانە بە ئەژمار دێت.

ناوەندەکانی حکوومەتی، لەژێر ناوی \"قاچاغچی شتومەک\" لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستاندا هەڵسوکەوت دەکەن.

بەپێی بەندی ١ لە ماددەی ٢ شتومەکی قاچاغ، ئەگەر نرخی شتومەکی هاوردە کەمتر لە ١ میلیۆن تمەن بێت، بە تاوان نایەتە ئەژمار و لە زۆربەی کاتەکانیشدا نرخی شتومەکی هاوردە لە لایەن کاسبکارانەوە، کەمتر لە ١ میلیۆن تمەنە.