هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان تۆپباران دەکەن

21:39 - 24 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی پیشاندانی هێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامی، مانۆڕێکی نیزامییان لە ناوچەی پیرانشار بەرێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ئەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە سەر سنووری نێوان ئازەربایجانی رۆژاوا و هەرێمی کوردستان جێگیر کراون، هێزە نیزامییەکانی سپای پاسداران و دەست‌وپیوەندییەکانیان بە چەکی قورس و نیوە قورسەوە بەرەو ئەو ناوچانە بەڕێ کراون.

زۆربەی ئەو هێزانە لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەڕێ کراون.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە رەوانە کردنی هێزە نیزامییەکان و دامەزراندنی تۆپخانە لە ناوچە سنوورییەکاندا، هەوڵی میلیتازە کردن و زاڵکردنی کەش و هەوایەکی ئەمنیەتی بە سەر ئەو ناوچەیە دەدات.

کوردستان میدیا، ماڵپەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو پیوەندییەدا بڵاوی کردەوە، هێزی تۆپخانەیی جێگیرکراو لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار، مانۆڕێکی نیزامی بەڕێوەبردووە و لەو مانۆڕەدا چیای \"بەردەزەردان\"ـی تۆپباران کردووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی چالاکیی حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕێ کردنی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بۆ ناوچە سنوورییەکان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە کوردستان لە ئامادە باشیدان.

هەروەها سپای پاسداران لە هەوڵێکی نوێدا، لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەست و پێوەندییەکانی بە مەبەستی چەکدارکردن بانگهێشت کردووە.