هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی دەستیان بەسەر ٣٠٠ سەر مەڕوماڵات لە ورمێدا گرت

14:28 - 10 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، دەستیان بەسەر ٣٠٠ سەر مەڕوماڵاتی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی رەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، دەستیان بەسەر زیاتر لە ٣٠٠ سەر مەڕوماڵاتی خەڵک لە شاخەکانی \"کوڕا بەڕی سپی\" لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێدا گرت.

\"\"ئەو مەڕوماڵاتانە هی دانیشتووانی گوندی \"سوورکان\"، لە ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ بووە، کە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە بۆ سێڕیانی \"ڕاژان\" گوێزراونەتەوە.

ئاژەڵدارانی گوندی \"سوورکان\"، بۆ ورەگرتنی مەڕوماڵاتەکەیان سەردانی ناوەندە نیزامیی و قەزایییەکانی حکوومەتیان کردووە، بەڵام بەدواداچوونەکانی ئەوان هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانیش، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، دەستیان بەسەر ٣٢٠ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییانی کورد لە گوندی سنووریی \"بیرواس\"سەر بە بەشی نەوسوود گرتووە.